۱ - دڵنیابن دێمــــــــــــەوە
بەخۆم و لێفە شڕەکەی قانع
کڵاوو مێزەری سپی قازی
لە موکریان
هاوڕێ لەگەڵ سمکۆی مەزن
گۆچان بەدەست
دەست لەنێودەستی شێخی پیران
بەدەستێکم قوڕئانەو
بەوەی دیکە فەرمودەی جوان
دێم و سرودی سەرکەوتن دەڵێمەوە
٢ - هاتــــــــــووم و دێم
وەک سپێدەی بەیانی
بەهێزو ڕوناکی و جوانی
دێم و ڕێگە بەرنادەم
بۆهەرهەنگاوێ بەهێزە قامکی شادەم
دێم و دەبڕم شاربەشارو دێ بەدێ
نوورو ڕوناکیم پێیە
شەوەزەنگ لادەبەم
بەکوێرای چاوتان
لادەبەم غەم و ماتەم
٣- هاتـــــــــــــــــــــــــــووم دێم
لەوەرزی شەختەوسەهۆڵ
هەور ئاسا دەگرمێنم
بۆتان دێنم وەرزی بوژانەوە
بێ وشک بوون پوکانەوە
بۆ ژیانەوە
بۆژیان و سەرهەڵدانەوە
٤- بەڕێوەم و دێــــــــــــــــــــــــــم
ئێش و ئازارو مەینەتی لابەم
درێژە پێدەری کاروانێکم
دورودرێژەو نابڕێتەوە
ناسرێتەوە
بەرەو ئاسۆیەکی پڕشەنگدار
بەڕێوەو ناگەڕێتەوە
بۆلوتکە دەڕواو ناکشێتەوە
٥- ئەی نیشتیمــــــــان هاتووم و لانادەم
ئەمجارەش دەچمەپێش و ڕێگە بەرنادەم
بەدەنگی تۆپ و شەستیرو ئارپیجی
دەڵێی سەرمەستی بادەم
هاتووم تەپ وتۆز
لەسەر ڕومەتی لاوانم لادەم
هاتووم بیپارێزم پاوانیان
لەگەڵ دەنگی اللە اکبرو
هاواری حی علی الجیهاد
ببین سەربەستی و
بەدەست بێنن خۆشەویستی جارانیان
٦- دێمـــــــــــــــــــــــــــەوە
وەک و برایم
تەور بەدەست
بوتی جەهل و نەزانی دەشکێنم
شورەو قەڵای زۆرداری دەڕمێنم
پەتی سێدارە دەپسێنم
دوژمنی لاسار دەبەزێنم
هاتووم ملی ڕێگام گرتووە
دەرکاو دەرک و کۆڵانەو کۆڵان
دێم و بێ ماندوو بوون و هەدادان
مەرهەمی زامم پێیەو
ساڕێژی برین و ناسۆرکەم
بێ پشودانم کۆڵنادەم
٧- دێمـــــــــــــەوە سەوداسەر نوورم
ڕوناکیم پێیە
بەیداخێکم لەباوەشە مەشخەڵی ڕێیە
هەستاومەسەرپێ و
پەیامی ژیانم پێیە
( لا الە الا اللە ) م دروشمەو
موحەممەدم پێشەنگەو
تاجی سەرمەو خۆشی سەرقافڵەی ڕێیە
توند گرتومە باوشم و
قەفەسەی سینەی جێیە
٨- دێــــــــــــــــــــــــــــــــمەوە
لەگەڵ گزینگی هەتاو
کەدای لەسەران
لەگەڵ حیلەو نرکەی ئەسپ و
گرمەی دەنگی کوڕەشیران
هەڵدەستێنم لە خەو بێخەبەران
ئاڵایەکم پێیە دەشەکێتەوە
ناکەوێ دەلەرێتەوە
بەڵێنی خۆشەویستمەو
بست بەبستی زەوی دەگەڕێ و
ناکشێتەوە
بەرەو پێش دەڕواو ناگەڕێتەوە
٩- دڵــــــــــــــــــــــنیابن دێمەوە
فرمێسکی هەرچی بێنازە دەسڕم
خەم لادەبەم
خەندە دێنم
خۆشەویستی و ئازادیم پێیە
کەلەپچەی دیل و کۆیلایەتی دەپچڕم
بەندایەتی خوام مەبەستەو
سەربەستیتان بەباڵا دەبڕم
١٠- دێم و دەبم بە گۆچانی دەستی پیرەپیاو
بۆ داماو دەبم بە هێزی هەنگاو
فرمێسکی پیرەدایکان دەسڕم
سۆزو ئەوینم پێیە
وەفاو ئەمەگناسیم دروشمەو
مەچەکی زۆردار دەبڕم
١١- هـــــۆدایە دایکی لەکۆرپەدابڕاو
بابە بابی لەخۆشی ژیان جێماو
دڵنیابن دێمەوە
دەبم بەدەلیلی ڕێگات
بێ ماندووبوون و بەزین
تەختی دەکەم کەندوکۆسپی ڕێگات
دەڕمێنم کۆشکی ئەوکەسەی
داگیرکا ماڵ وحال و جێگات
١٢- دڵنیـــــــــــــــابن دێمەوە
دەمبڕن ؟
وەک دار بەڕوو دەڕوێمەوە
دەمسوتێنن ؟
لە خۆڵەمێشم زیادتر لە جاران دەبوژێمەوە
دەمخنکێنن ؟
وەک کانیاو
لەبن تاشەبەردو
قەدی شاخ
لە پێدەشت ولە بنار
سەردەردێنم و دێمەوە
دەبم بە جۆگەلەو جۆبار
بە ڕوبار
لافاو هەڵدەستێنم
دێمەوە ڕادەماڵم دڕک وداڵ
لەسەر زەوی ڕێگەم بگرن
لەژێر زەوی بۆتان دێم
دەبم بە بومەلەرزە بە بوڕکان
بەهەڵەداچوون کە پێتان وابێ
دەتوانن بگرن ڕێم
بێهودەیە بیرکردنەوەتان
لە کوشت و بڕین و خنکان و
لە منی مسوڵمانیش کۆڵدان
١٣- دڵنیـــــــــــــــــابن دێمەوە
نیشتیمانم دەسوتێنن
لەگەڵ شریقەی هەور
دەبم بە ڕەهێڵەی باران
سەرلەنوێ وەک وجاران
هەرچی قاقڕەو سۆتەرۆو سوتمانیە
دەیکەم بە گوڵ و گوڵزار
دەیخەمڵێنم
دەیکەم بە مێرگ و مێرگوزار
بەشللێرو لالەزار
١٤- دڵنیــــــــــــــــــــــــابن دێمەوە
ڕێگە بەدەنگم بگرن
لە ئاسمان وەک هەور دەگرمێنم
دەگوڕێنم زراوتان دەبەم
جەرگی زەوی دەهەژێنم
ئەوجار دەبم بە خوناوەی باران
خوایاربێ
لەبەر دەرکی هەموو ماڵان
دەڕوێنم گوڵ و ڕیحانەی جاران
١٥- مزگەوتەکـــــــــــــان دەڕوخێنن
بۆ مەگەر دەتوانن
بە بێژینگ ڕێگری لە نووری خۆرکەن
چیتان پێ دەکوترێ بیڵێن
چیتان لە دەست دێ بیکەن
خاترجەم بن لەکۆتادا
هەر ئێوەن دەبێ مەیدان چۆلکەن
بەهەڵەداچوون
نەتۆراووم
نەشدۆڕاووم
کەشتی نووحم
جارێکی دیش دوای تۆفان
لە ئاڕاڕات و جودی
لە مەڵبەندی فەقێ تەیران
لە مەکۆی شێخی پیران
لەنگەر دەگرم
سەنگەر دەگرم و دێمەوە
خەڵکی وڵاتی بەردەنوێژم
خوا یاربێ دێمەوە
گەڕەک شەقام
هەموو کۆڵانی لادێ وشار
کەژو کێو سەرتاپاخوار
لەپەنای هەرکانیاوێک
لەتاقی هەر ڕەوەزەشاخێک
لە تەنیشت هەموو تاوڵ و ڕەشماڵێک
بەدرێژایی هەموو جۆگەلەو جۆبارێک
لە بڵیندایی و نەوی
بست بە بستی زەوی
بەهاوکاری خوشک و برای کوردم
دروست دەکەم تاتەبەردو
ڕادێخم بەرماڵێک
بۆ بەدیهێنەرم
بۆ خالقی ئەکبەر کڕنۆش دەبەم و
سەری بەرزم تەنیا بۆ ئەو دەکەم نەوی
١٦ -نانـــــــــــــــــــــــم دەبڕن
خوایاربێ دێمەوە
دەبم بە هێزو بازو مەچەکی دەستی
جوتیارو کرێکار
لەڕق و توڕەیی سەرڕێژم
لە موچەو مەزرا
لەسەر جێخوون
بەکەوو بێژینگ
دەغڵ و دان دادەبێژم
وەک و یوسف ئارەق دەڕێژم
بۆ نەوەی داهاتوو
موژدەی ڕەزگاریم پێیە
چاڵ هەڵدەقەنم
زەوەڕی دادێخم
بناغەی ژین دادەڕێژم
۱۷ - ئەمجــــــــارەش کە هاتمەوە
ئاوێکی سپی و پاک و سازگارم
بۆ هەر چوار وەرزی ساڵ
بێ جیاوازی
بۆ پانتایی کورەی زەوی
بۆ هەموان ڕەش و سپی
زەدو سورو بڵیندو و نەوی
لە ناخی دڵمەوە بێقەرارم
کانیاوی بەهارم
بۆ هەموو زەویەک دەشێم
هاتووم تینوێتی هەمووان دەشکێنم
گەر لێمگەڕێن
دێم و ئارام ئارام ڕێگە دەبڕم
سەوزایی دێنم
دەشت و دەر دەخەمڵێنم
گەر پێشیشم بگرن
دەبم بەلافاو بەسێڵاو
بەگڕی هەناسەی دایکی جەرگ سوتاو
دەسوتێنم موچەو مەزراتان
ڕادەماڵم ژیان و ماڵ و حاڵتان
خانێ ئاوخواردە
لوقمان ئاباریانپوور
گەلاوێژی ۱۴۰۳

بۆچوونهکان